ناونیشان
وەزارەتی پەروەردە، هەرێمی کوردستان بەشدار دەبێت لە هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییەکان

دەرکراوە لەلایەن

دەربارەی دۆکیومێنت

ئەمی خوارەوە ڕاگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەیە دەربارەی بەشداریکردنی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتیەکانی TIMMS و PISA لە جەولەی داهاتوی ئەو دوو هەڵسەنگاندنە.

ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاگەیاندنەکەی لەڕێگەی پەیجی فەرمی فەیسبوکی وەزارەتی پەروەردە

“بۆ یەکەمجار لە مێژووی وەزارەتی پەروەردە، هەرێمی کوردستان بەشدار دەبێت لە هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییەکان ، بە گوێرەی پلانی ستراتیژیی وەزارەتی پەروەردە لەهەموو ئاستەکان کار دەکەین بۆ ئەوەی سیستمی پەروەردە و فێربوون رێکخستنەوەیەکی بونیادنەرانەی بۆ بکەین . بەخۆشحاڵییەوە تیمی وەزارەتی پەروەردە بەسەرپەرشتی بەڕێز “شیلان خلیل جنید” ، بەرێوەبەری گشتیی پلاندانانی پەروەردەیی وەزارەت ،لە ئیستادا هەموو هەوڵەکانیان چڕ کردۆتە ، تەنانەت لە ڕۆژانی پشووشدا، لەبەڕێوەبەرایەتی گشتیی پلاندانانی پەروەردەیی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تاقیکردنەوەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ یەکەمین بەشداریکردنی کوردستان لە هەڵسەنگاندنی تیمس -TIMSS.
هەڵسەنگاندنی ( تیمس-TIMSS) چییە؟
کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ هەڵسەنگاندنی دەستکەوتە پەروەردەییەکان کە ناسراوەIAE ، کە کۆمەڵەیەکی سەربەخۆیە و ئۆفیسی سەرەکی لە هۆڵندایە ، لە ساڵی ١٩٩٥ وە بۆ هەر چوار ساڵ جارێک هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر ئەنجامدەدات ، کە تیایدا ئاراستە جیهانییەکان سەبارەت بە پرۆگرامی بیرکاری و زانست هەڵدەسەنگێنن وەک پێوەرێک بۆ دیاریکردنی ئاستی سیستمی پەروەردە و فێرکاری ، تیمس هاوکاری بڕیار بەدەستان و مامۆستایان دەبێت سەبارەت بەکارایی شێوازەکانی فێربوون و ژینگەی فێرکاری .
تیمس یەکێکە لە پێشکەوتوترین هەڵسەنگاندنەکان کە ئێمە وەک هەرێمی کوردستان یەکەمجارە بەشدار دەبین کە لە ١٥ و ١٦و ١٧ی ئەم مانگە لە پرۆسەکەدا (٤٥٠٣) قوتابی بەشدارن لە (١٦٦) قوتابخانە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ، (١٦٦) بەڕێوەبەر و (١٦٦) بەڕێوەبەری هەڵسەنگاندن و (١٦٦) راپرسی قوتابخانە و (٣٣٢) راپرسی مامۆستایانی بیرکاری و زانست و (٣٣٢) مامۆستای چاودێر کە نابێت پسپۆریان بیرکاری و زانست بێت بەشدار دەبن ، لەگەڵ ئەوەشدا (٤٥٠٣) خێزان بەشدار دەبن لە ڕاپرسی دایکان و باوکان. هەموو ئەو ناوەندانەی خوێندن و داتایانە هیچیان وەزارەتی پەروەردە دەستنیشانی نەکردوون ، بەڵکو وەزارەت تەنها داتای ناوی قوتابخانەکانی خستۆتەتە بەر دەست لایەنی تایبەتمەندی دەرەکی و ئەوان بریاریان داوە لە چ قوتابخانەیەک ئەو هەڵسەنگاندنانە دەکەن .
دڵخۆشم بۆ یەکەمجار کە کوردستان بەکۆدی (krd)، بەشدارە لە پرۆسەیەکی گرنگی هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتی کە چەندین وڵاتی خاوەن سیستمی پەروەردەی ئاست باشی وەک (هۆڵندا ، ئەمریکا ، ژاپۆن ، بەلژیکا، کەنەدا ، ئیسپانیا ، سوید ، قەتەر ، ئیمارات ، ئەڵمانیا ، نەرویژ ، فلەندا ، فەرەنسا ، کۆریای باشور)، و چەندان دەوڵەتی دیکە بەشدارن و گرنگی پێدەدەن کە زیاتر لە (٦٦) دەوڵەت بەشدارە ، لە مانگی دیسەمبەری ٢٠٢٤ راپۆرتی دەرئەنجامی هەڵسەنگاندنەکان ڕادەگەیەندرێت و دەدرێنەوە بەشداربوان .
لە کۆتایدا سوپاسی رێزدار سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرێز کاک مەسرور بارزانی دەکەم کە بەپەرۆشەوە هەموو ئاسانکارییەکی کرد بۆ بەشداریکردنی کوردستان و بودجەی پێویستی بەشداری کوردستانی دابین کرد چ بۆ ئەم هەڵسەنگاندنە چ بۆ هەڵسەنگاندنی “PISA” کە لەساڵی ٢٠٢٥ ئەنجامدەرێت .

ئالان حمە سعید صالح
وەزیری پەروەردە
٩ی ٤ی ٢٠٢٣

لینکی پەیجی فەرمی وەزارەتی پەروەردە: https://www.facebook.com/MOE.KRG.official

لینکی پۆستەکە: https://www.facebook.com/MOE.KRG.official/videos/738395238023725/



زمان
کوردی

جۆری دۆکیومێنت
ڕاپۆرتی میدیا، نوسراوی فەرمی

ساڵی دەرچون
2023

لینکی دابەزاندن
ئەو دۆکیومێنتە شەیەر کە
ckbKurdish